سلێمانی.. چوار کەس بە تۆمەتی سووتاندنی پووش و پاوان دەستگیرکران
964+
فەرمان سادق
لەسەر سووتانی سەدان دۆنم زەوی پووش و پاوان ئاسایشی سلێمانی چوار کەسی دەستگیرکردووە و دەڵێت، ئەوانە تۆمەتبارن.
ئەو چوار کەسە دوێنێ پێنجشەممە 29.6.2023 دەستگیرکراون بە تۆمەتی ئاگرتێبەردان بە پشوو و پاوانی وێڵەیە، بەکرەجۆ و دێکۆن.
ئاسایشی سلێمانی کەمێک پێش ئێستا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، رووداوی ئاگرکەوتنەوەی یەکەم لە ناوچەی وێڵەیەر روویداوە و دوو لە تۆمەتباران دانیانناوە بەوەی کە بەمەبەستی بەرسەربردنی کات چونەتە شاخی وێڵەیەر و دوای گەڕانەوەیان بە ئەنقەست ئاگریان لەو ناوچەیە بەرداوە و بۆتە هۆی سووتانی چەندین دۆنم پووش و پاوان و زیانگەندن بە سروشتی ئەو ناوچەیە.
رووداوی ئاگرکەوتنەوەی دووەم لە ناوچەی عەزیزئاوا روویداوە، بەهۆی کەسێک کە باری دەروونی جێگیر نییە بۆتە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و زیانگەیاندن بە زەوی کشتوکاڵی ناوچەکە، دواتر لەبەر تایبەتمەندی کەسەکە رادەستی نەخۆشخانەی دەروونی دەکرێت.
رووداوی ئاگرکەوتنەوەی سێیەم هاوڵاتیەک بە مەبەستی پاکردنەوەی باخەکەی لە گوندی دێکۆن سەر بە ناحیەی بەکرەجۆ ئاگری کردۆتەوە و بۆتە هۆی سووتانی چەندنین دۆنم زەوی و زیان گەیاندن بە جوتیارانی ناوچەکە.
ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت: ئەوان بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە و رووبەڕووی دادگا کرانەوە.