ناحیه‌ى دیانا جه‌ژنی به كه‌مئاوى به‌ڕێكرد
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌شێك له گه‌ڕه‌كه‌كانى دیاناى كۆن له ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، ئه‌م جه‌ژنه‌یان به كه‌مئاوى به‌ڕێكرد و ئاوی سۆرانیش ده‌ڵێت، له‌رێگه‌ى بودجه‌ى وشكه‌ساڵییه‌وه، چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌یان ده‌كرێت.
گه‌ڕه‌كه‌كانى سەروچاوە، کانی، ئازادی، ئەنفال، كۆمه‌ڵگەی مهاجیران و بەرگوان، له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ى ناحیه‌ى دیانان كه به‌هۆى وشكبوونى سه‌رچاوه‌كه‌یانه‌وه كێشه‌ى كه‌مئاویان بۆ درووستبووه و ئه‌م كێشه‌یه‌ش زیاتر له هه‌فته‌یه‌كه پێوه‌ى ده‌ناڵێنن.
له بانگه‌وازێكدا، دانیشتوانى ئه‌م گه‌ڕه‌كانه داوا له هاوڵاتیان ده‌كه‌ن، وه‌ك پێویست ئاو به‌كاربهێنن و زێده‌ڕۆیی تێدا نه‌كه‌ن كه ئه‌وان بێ ئاو بمێننه‌وه.
ته‌حسین سه‌عدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاوى سۆران به 964 ـى راگه‌یاند، له‌سنوورى ئه‌م ناحیه‌یه 10 بیری نوێ لێدراو‌ن به‌ڵام كێشه‌ى كه‌مى ئاویان هه‌ر ماوه.
وتیشی “له سنووره‌كه‌ماندا كێشه‌ى كه‌مى ئاو ته‌نیا له ناو سۆراندا نیه، به‌ڵكو له سیده‌كان دۆخى ئاو زۆر خراپه و له خه‌لیفانیش بیری ئاو هه‌یه وشكى كردووه”.
روونیشیكرده‌وه كه چاوه‌ڕێى بودجه‌ى وشكه‌ساڵین بۆ چاره‌سه‌رى گرفتى كه‌مئاوى له‌هه‌موو شوێنه‌كان و به‌تایبه‌تیش له ناحیه‌ى دیانا.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد “بڕیاره له‌سه‌ر ئه‌و بودجه‌یه ئه‌و بیرانه‌ى له دیانا هه‌ن گه‌وره و فراوانتر بكرێن”.