بانکی رافیدەین: پێدانی قەرزی 150 ملیۆن دیناری دەستپێدەکاتەوە

964+

فەهمی نەبی

بانکی رافیدەین رایگەیاند، دەستدەکەنەوە بە پێدانی بڕی 150 ملیۆن دینار وەک قەرز بەهەریەکە لە فەرمانبەران، هاوڵاتیان و خانەنیشنان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی رافیدەین بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، ئەو قەرزەی دەدرێت، بۆ پێشینەی دروستکردنی خانوبەرە، نۆژەنکردنەوەی خانوو، کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون و کڕینی زەویی نیشتەجێبوون دەبێت.

هەواڵی دەستپێکردنەوەی قەرزی 150 ملیۆن دیناری لە کاتێکدایە، تا ئێستا بانکی رافیدەین و رەشید، کە دوو بانکی حکومین و سەر بە بانکی ناوەندین، لە هەرێمی کوردستان لقیان نییە.

ئەو قەرزەی بانکی رافیدەین دەیدات بە هاوڵاتیان و فەرمانبەران و خانەنشێنان، بە سووی %5 لە هاوڵاتیان وەردەگیرێتەوە.

هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید لەسەر ئاستی عێراق، دەیان جۆر پێشینە دەدەن بە هاوڵاتییان و فەرمانبەران، هەر لە پێشینەی هاوسەرگیری بگرە تا دەگات بە کشتوکاڵ، هەروەها قەرزی کڕینی ئۆتۆمبێل تا دەگات بە قەرزی کڕینی خانوو.

لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە رێگەی کردنەوەی بانکێک بە ناوی بانکی نیشتمان، کە سەرمایەکەی 250 ملیار دینار دەبێت، ئەو کات 25 ملیاری تێدابوو، قەرز یاخود پێشینە دەدات بە هاوڵاتیان، بەڵام تا ئێستا نەکەوتووەتە کار.