ئاژەڵی جۆراو جۆر بوون

گیسك و مەڕەكان گوماناوی بوون لەناوبران

964+
ئەحمەد مستەفا

لەیەكەم رۆژی جەژنەوە لە كوشتارگەی سلێمانی 20 ئاژەڵی جۆراوجۆر بە گومانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەناوبراون.

بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیانی سلێمانی ئاژەڵیان كڕیوە و لە كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی سەری دەبڕن، لە دیمەنەكاندا دەردەكەوێت، چەندین كارمەند بە جل و دەستكێش و پێڵاوی تایبەتەوە لە ناو كوشتارگەكە سەرقاڵی سەربڕین و لەتكردنی ئاژەڵی جیاوازن.

شاڵاو عارف، بەڕێوبەری كوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی، قسە بۆ پەیامنێری 964 دەكات و دەڵێت، زۆبەی زۆری هاوڵاتیان ئاژەڵەكانیان هێناوەتە ئێرە و ئێمە بۆیان سەردەبڕین، هاوڵاتی خۆی سەنتەری پارێزگاریكردنە لە نەخۆشی و دەبێت ئەوە بزانین پێویستە رەچاوی دۆخی تەندروستی بكرێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دەڵێت، لێرە ئێمە 20 سەر ئاژەڵی جیاوازمان بە گومانی هەبوونی نەخۆشی تای خوێنبەربوون رەتكردوەتەوە و لەناومانبردوون، لێرە بە شێوەیەكی زۆر دروست هاوڵاتیان دەتوانن ئاژەڵ سەرببڕن و خێرو چاكەی خۆیان بكەن.

پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد