هۆکار حەکیم.. خۆی بۆ پاڵەوانیەتییە جیهانییەکان ئامادە دەکات

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

دەستەکانی پاڵەوانێکە کە بەزەبری بەهێزی رکابەرەکانی پێ بەزاندووە تاوەکو بووەتە پاڵەوانی عێراق، ئێستاش خۆی بۆ پاڵەوانیەتی یاری موای تای پاڵەوانیەتی عەرەبی و ئاسیایی ئامادە دەکات.

هۆکار حەکیم، ئەو پاڵەوانە کوردەی خەڵکی سلێمانییە کە ئێستا پاڵەوانی یاری موای تای عێراقە و بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراوە لە کێشی 63 کیلۆگرام، تاوەکو شان بەشانی هاورێ پاڵەوانەکەی ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی و ئاسیایی بکات.

هۆکار حەکیم و ئەیوب حسێن، دوو پاڵەوانی کوردی ریزی هەڵبژاردەی عێراقن، کە لەم ساڵدا توانیویانە ئاست و ئەنجامی بەرز بەدەست بهێنن.

ئەیوب لە پاڵەوانیەتی جیهاندا لە کێشی 57 کیلۆگرام پلەی سێهەمی بەدەستهێناوە، هۆکاریش بەشداری دوو پاڵەوانیەتی پیشەگەرانەی کردووە و چاویشی لە دەستکەوتی زیاترە.

سیروان مینە، ئەندامی فیدراسیۆنی موای تای عێراق قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ئەمساڵ سێ پاڵەوانیەتی بەهێزی یاری موای تای لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرێوەبچێت، کە ئەوانیش پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی کە وڵاتی سعودیە میوانداری دەکات و دواتریش رکابەرییەکانی ئاسیایە کە لە وڵاتی تایلەند ئەنجامدەدەرێت، هەروەها لە وڵاتی کوەیتیش پاڵەوانیەتی پڕۆفیشناڵ بەرێوەدەچێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق