هەڵمەتە هۆشیارییە ژینگەییەکەی شارباژێڕ دەستیپێکرد
964+
پێشەوا محەمەد
هەڵمەتە هۆشیارییەکەی پەروەردەی شارباژێڕ لە رێگەی هەڵواسینی پۆستەر لە فەرمانگە و چێشتخانە و کافێ و شوێنە گشتییەکان دەستیپێکرد.
هەڵمەتەکە دوای سووتانی سەدان دۆنم دارستان و پاوان و رەز و دەغڵودانی جوتیاران بڕیاری لێدرا، کە یەکشەممەی رابردوو لە سنووری 14 گوندی شارباژێڕ کەوتبووەوە و ئەمڕۆش دەستیپێکرد.
ئەو هەڵمەتە لە لایەن پەروەردەی شارباژێڕ بە هاوکاری دارستان و پاوانی سنوورەکە بەڕێوەدەبرێت.
لەتیف حسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ بە 964ی راگەیاند، ئەوە هەنگاوی یەکەمە و هۆشیارکردنەوەکە فراوانتر دەکەن.
وتیشی، “میدیا دێنینە ناو هەڵمەتەکەوە و دەچینە گوندەکان و سیمینار دەکەین و لە قوتابخانە و پەیجەکانیشیانەوە هەڵمەتەکە پەرەپێدەدەین و دەمانەوێت ژینگە و پاراستنی ببێتە خەمی هەمووان”.