رووداوەکە تەموژاوییە

هێلکەی بازگەکە خاوەنی دیار نییە و رێکەوتیشی لەسەر نییە

+964
میلاد جەلال-

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو بارهەڵگر لە نزیک بازگەی بەرلوت خۆیان کێشا بەیەکدادا و دوای ئەوەش پێکەوە خۆیان کێشا بە بازگەکەدا و بەشێکیان رووخاند، بەڵام ئەوەی تەمومژاوییە لەم رووداوە هێلکەی ناو یەکێک لە بارهەڵگرەکانە.

بازگەی بەرلوت لەنێوان کەلار و تازە دێیە، ئەو دوو بارهەڵگرەی رووداوەکەیان تیادا قەوماندووە یەکێکیان گەنم و ئەوەی تریان هێلکەی بار کردووە، لەناو ئەو هەموو کارتۆنە هێلکەیەدا تەنیا  10 دانەیان سەلامەت دەرچووە، بەڵام کە دەچن تەماشای هێلکەکان دەکەن، دەبینن هیچیان رێکەوتی دەرچوون و بە سەرچوونیان بەسەرەوە نییەو لە ناو جۆرە کارتۆنێکیشدان کە هی خۆیان نییە.

عوسمان مستەفا، بەڕێوەبەری ڤێتێنەری گەرمیان بە 964ی وت، ئەو هێلكانە لە كێڵگە ناوخۆییەكانی كوردستانەوە بەرهەمهێنراون و دەنێردرێن بۆ خوارووی عێراق و لەسەر خواستی ئەوان لە عێراق بە بێ رێکەوت دەنێردرێن.

لیژنەکانی قایمقامیەت دەڵێن هێلکەکانیان پشکنیوە دەڵێن، کێشەی تەندروستیان نییە، بەڵام لەناو کارتۆنێکدا بووە کە هی خۆی نییە و هێشتا هۆکارەکەی نەزانراوە.

ھەردی سەرکەوت وتەبێژی قایمقامیەتی کەلار، بە 964ى وت،”لیژنەکانی ڤێترینەری قایمقامیەت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ڤێترینەری گەرمیان پشکنینیان بۆ ھێلکەکان کرد،ھیچ رێکەوتێکیان لەسەر نییە،بەڵام بەپێی پشکنینە سەرەتاییەکان لە رووی تەندروستیەوە کێشەیان نییە”.

كارتۆنەكان لۆگۆی كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی هێلكەی لەسەرە لە سلێمانی، بەڵام قایمقامیەت قسەی لەگەڵ كۆمپانیاكە كردووە، كۆمپانیاكە دەڵێت، ئێمە هێلكەی لەو شێوەیەمان نەبووە و ئەوە بەرهەمی ئێمە نییە
ئێستا لە قایمقامیەت لێکۆڵینەوەکان لە هێلكەكان بەردەوامە و دەیانەوێت هۆكارەكەی بەتەواوەتی بزانن كە بۆچی بەبێ رێکەوت دەنێردرێنە خوارووی عێراق و لە کارتۆنێکی جیاوازدایە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد