دینارتە.. 70 ساڵە ناحیەیە و گەراجی نییە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

دینارتە، یەکێکە لە ناحیەکانی سنووری قەزای ئاکرێ و ماوەی 70 ساڵە ناحیەیە هێشتا گەراجێکی نییە بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل.

سەنتەری ناحیەی دینارتە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 10 هەزار کەس دەبێت و لە ساڵی 1953 کراوە بە ناحیە و 82 گوندی بەسەرەوەیە، هەمووی بەیەکەوە ژمارەی دانیشتووانەکەی دەگاتە 25 هەزار کەس.

دینارتە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای ئاکرێیە و بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بەناوبانگە، هاوکات چەندان ناوچەی گەشتیاری بەناوبانگیشی لێیە.

عومەر محەمەد ئاکرەیی، یەکێکە لە دانیشتووانی سەنتەری ناحیەکە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، یەکێک لە کێشەکانی ناوبازاڕی سەنتەری ناحیەکە نەبوونی پارکی ئۆتۆمبێلە، ئەمەش وایکردووە قەرەباڵغی و جەنجاڵی لەناو بازاڕ دروست ببێت.

دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی پارک نییە، ئەوا پۆلیسی هاتوچۆش زۆر توندن و ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بوەستی بۆ شت کڕینێک ئەوا وەسڵی سزای هاتوچۆت بۆ دەنووسن، ئەمەش خەڵکی نیگەران کردووە.

لەسەر نیگەرانی خەڵکەکە لە نەبوونی پارکی وەستانی ئۆتۆمبێل، شارەوانی ناحیەکە دەڵێت، بوونی گەراجی ئۆتۆمبێل بۆ ناو بازاڕ زۆر گرنگە و پلانیشیان بۆی هەبووە.

نەعمان سەلیم خان، سەرۆکی شارەوانی دینارتە بە 964ـی وت، شوێن دەستنیشانکراوە بەڵام رەزامەندی لەسەر گوژمەکەی نەدراوە.

دەشڵێت: کاری زەرورتر هەبووە لە پارک بۆ ناحیەکە بۆیە ئەو بابەتە دواخراوە.

زیاتر وتیشی “پلانمان هەیە لە داهاتوودا بازاڕی هاوچەرخی دینارتە تێک بدەین و ژێرزەمینەکەی بکەین بە پارکێکی مۆدێرن و سەرەوەکەشی بکەین بە بازاڕێکی مۆدێرن”.

بە قسەی سەرۆکی شارەوانی بێت، رووبەری زەوییەکە زۆر گەورەیە و دەتوانرێت دوو پارکی لەسەر دروست بکرێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق