سووتاندنی زبڵ و خاشاک هاوڵاتیانی چەمچەماڵی بێزارکردووە

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

سوتاندنی زبڵ و خاشاک لە چەند شوێنێکی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش، هاوڵاتیانی نیگەران کردوە و خەریکە دەبێتە دیاردە، ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی کە وەک پێویست کۆناکرێتەوە

ئەرکی پاکردنەوەی زبڵ و خاشاکی چەمچەماڵ و ناحیەکانی دراوە بە کەرتی تایبەت، لەساڵی 2017ـەوە کۆمپانیای شکار ئەو ئەرکەی گرتووەتە ئەستۆ.

کەمی داهات و خەرج نەکردنی سلفەی کۆمپانیاکان، کۆمپانیای پاککەرەوەکەی ناچار کردووە لەسنوری چەمچەماڵ ژمارەی ئامێر و ئالیەتەکانی وەک شۆفڵ و گەڵابەی کەمکردووەتەوە.

سەرچاوەیەک لە کۆمپانی شکار کەمپی چەمچەماڵ – شۆڕش بە 964ـی وت، “یەک شۆفڵ و گەڵابەمان لەبەردەستە و بەنۆرە زبڵ و خاشاکی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش کۆدەکەنەوە، لەمانگی رەمەزانەوە شۆفڵێک و گەڵابەیەکی هەشت مەتریمان تێکچووە، کە لە توانایدایە نزیکەی 12 تۆن زبڵ و خاشاک باربکات بەڵام گێڕەکەی تێکچووەو نزیکەی 2000 هەزار دۆلاری دەوێت بۆ چاکردنەوە.

دەشڵێت، “شارەوانی چەمچەماڵ ماوەی سێ مانگە هاوکارمانن، بەڵام ئەوانیش وەک پێویست گازیان نیە بۆ شۆفڵ و گەڵابەکانیان و ئێمەش کێشەی کەمی داهات و خەرج نەکردنی سلفەکانمان هەیە، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە”.

لە چەندین شوێنی وەک نێوان گەڕەکی پیریاییەکان و قادرکەرەمییەکان و هەروەها گەڕەکی قەرەهەنجیرییەکان لە ناحیەی شۆڕش و لە لای نزیک مەعرەزەکان و لەدەروازەی چەمچەماڵ و لە لای عەلوەکەی چەمچەماڵ، زۆرجار زبڵ و خاشاک کەڵەکە دەبێت و بەشێک لەو زبڵ و خاشاکە ئەسوتێندرێت، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی