سکاڵای لەسەر تۆمارکرا

ئاوی قورسی ماڵانی لە زەوی کشتوکاڵی بەتاڵکردووەتەوە

964+

فەهمی نەبی

تەنکەرێک کە ئاوی قورسی ماڵانی هەڵگرتبوو لەناو زەوی کشتوکاڵی هاوڵاتیان بەتاڵی کردووەتەوە، لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی هەولێر سکاڵای لەسەر تۆمارکرا.

رۆژی پێنجشەممە، فەرمانگەی ژینگەی هەولێری دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم رایگەیاند، لەبنکەی توڕەق لە هەولێر، سکاڵایان لەسەر خاوەنی تانکەری بیرێک تۆمارکردووە، دوای ئەوەی زانیویانە ئەو ئاوە قورسەی باریکردبوو لەناو زەوی کشتوکاڵی هاوڵاتیانی توڕەق بەتاڵی کردوەتەوە.

ئەو تانکەرانەی ئاوی قورسی ماڵان هەڵدەگرن لەلایەن شارەوانی شوێنیان بۆ دیاریکراوە بۆ ئەوەی ئەو پاشماوانەی هەڵیانگرتووە لەو شوێنە بەتاڵیبکەنەوە، ئاوی قورسی ماڵان مەبەست لە پاشماوەی بیری ئاودەستی ماڵانە.

بەپێی رێنمایی ژمارە دووی ساڵی 2023، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم، بەتاڵکردنەوەی ئەو تانکەرانەی پاشماوەی ئاودەست و ئاوی قورسی ماڵانیان هەڵگرتووە لەو شوێنانەی کە تەرخاننەکراون بۆ ئەو مەبەستە بە سەرپێچی ژینگەیی هەژمار دەکرێت.

هەر بەپێی ئەو سزایەی کە دەستەی چاککردنی ژینگە دیاریکردووە، سزای ئەو جۆرە سەرپێچیانە لەنێوان 50 هەزار دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارە.