له كوشتارگه‌ى هه‌ولێر
رۆژانه زیاتر له تۆنێك جگه‌ر و سپڵ و دڵى ئاژه‌ڵ له‌ناوده‌برێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له كوشتارگه‌ى هاوچه‌رخى هه‌ولێر رۆژانه زیاتر له یه‌ك تۆن، جگه‌ر و سپڵ و دڵى ئاژه‌ڵ له‌ناوده‌برێت، به‌ڕێوه‌به‌رى گوشتارگه‌ش ده‌ڵێت، ئه‌وه رێكارێكه بۆ زیاتر ته‌ندروستبوونى گۆشت بۆ بازاڕه‌كان ده‌یگرنه به‌ر.
هه‌ڵمه‌ت هه‌مزه سلێمان، به‌ڕێوه‌به‌رى كوشتارگه‌ى هاوچه‌رخى هه‌ولێر، كه كوشتارگه‌كه‌ى سه‌ر به پارێزگاى هه‌ولێره، به 964ـى راگه‌یاند، ئه‌وان بۆ زیاتر دڵنیابوونه‌وه له ته‌ندروستبوونى ئه‌و گۆشته‌ى ده‌چێته بازاڕ هه‌ر ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ى ئاژه‌ڵ گومانى ناته‌ندروستبوونى لێبكرێت، له‌ناوى ده‌به‌ن.
وتیشی “رۆژانه لانیكه‌م یه‌ك تۆن جگه‌ر و سپڵ و دڵى ئاژه‌ڵ له‌ناوده‌برێت”.
روونیكرده‌وه، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى جه‌سته‌ى ئاژه‌ڵ جۆرێك له ناته‌ندروستبوون یان نه‌خۆشییان هه‌یه، لێى ده‌كه‌نه‌وه و له‌ناوى ده‌به‌ن.
دووپاتی ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌ته‌نیا ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ى ئاژه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كى هه‌بێت، كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌ندامه‌كانى دیكه‌ى ناكات.
به‌ڕێوه‌به‌رى كوشتارگه‌ى هاوچه‌رخى هه‌ولێر، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه كه ئه‌وان بۆ ناوبردنى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى جه‌سته‌ى ئاژه‌ڵ، كوره‌ى تایبه‌تیان هه‌یه به‌كاریده‌هێنن و له‌ناو ئه‌و كوره‌یه‌دا ده‌یسوتێنن.
وتیشی “پله‌ى گه‌رمى ئه‌و كوره‌یه 1200 پله‌ى سیلیزییه و ته‌واوى ئه‌و پاشماوانه‌ى له‌ناویدا ده‌سوتێندرێن ده‌بنه پاوده‌ر و هیچ زیانێكی بۆ سه‌ر ژینگه نابێت”.