لە هەرێمی کوردستان چوار سەنتەری راهێنانی یۆگا هەیە

964+

فەهمی نەبی

لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، تەنیا چوار سەنتەری راهێنانی یۆگا هەیە و بەڕێوەبەری سەنتەرێکی یۆگا دەڵێت، ئەمساڵ ژمارەی بەشداربووان زیادیکردووە و تەنانەت “دوو مامۆستای ئاینی لە سەنتەرەکەی ئێمە راهێنان دەکەن”.

ئەمڕۆ 21ی حوزەیران رۆژی جیهانی یۆگایە، دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ پێشنیازی ناریندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هیندستان دەگەڕێتەوە، لەمیانی وتارێکی لە کۆنفراسێکی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتوەکان داواکاری پێشکەشکرد، تا ئێستا 175 وڵات بەفەرمی واژوویان لەسەر ناساندنی ئەو رۆژە کردووە.

مەحمود شێرزاد، بەڕێوەبەری ماڵی هەناسەی یۆگا، بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “رێژەی بەشداری خەڵک لە سەنتەرەکان زۆر زۆرباشە و رۆژانە بەشداربووی نوێمان هەیە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خەڵک بایەخی زۆری بۆ یۆگا دروست بووە، ئێستا کە قسە بۆتۆ دەکەم دوو مامۆستای ئاینی راهێنانی یۆگا دەکەن”.

سەبارەت بەوەی ئایا یۆگا وەرزشە یان رێبازی ئاینیە یان نوێژە؟ مەحمود شێرزاد دەڵێت، “نە ئاینە و نە وەرزشە و هیچ یەک لەوانە نییە، هەر کەس لە روانگەی خۆیەوە دەڕوانێتە یۆگا و ناوێکی بۆ دادەنێت، بەدیاریکراوی یۆگا بریتیە لە شێوازی سروشتی دروستی ژیانکردن و بەکارهێنانی لەش و هەستەکان، پەیوەندی بەهیچ ئاینێک یان رێبازێکەوە نییە، هیچ راهێنانێکی یۆگا کلتوری نییە، بەڵکو هەمووی لە سروشت وەرگیراوە”.

بەوتەی مەحمود شێرزاد جوڵەکانی یۆگا بەشێکیان لە شێوازی وەستانی ئاژەڵ وەرگیراون و بەشێکی دیکەیان لە درەخت و هەندێکی دیکەیان لە شێوەی چیا وەرگیراون، بەشێکی دیکەی جوڵەکان بەناوی ئەو مامۆستایانەی یۆگا کراوە کە بەڕێژەی زۆر بەکاریانهێناوە، هەموو کەس دەتوانێت بە کلتوری خۆی بیکات.

بەپێی ئەو سەرنجانەی کەسانی شارەزا لەبارەی یۆگا هەیانە، یۆگا دەتوانێت کار لەسەر لەشساغی مرۆڤ بکات، وا دەکات مرۆڤ تەندروست و ئارام بێت.

لەبارەی ئەو باوەڕەی دەوترێت یۆگا هیندیە، مامۆستایەکی یۆگا دەڵێت، “بەهیچ جۆرێک هیندی نییە، عاریفێکی هیندی وتویەتی، هیندستان تەنیا یۆگای پاراستوە و بڵاویکردوەتەوە”.