دوای پەسەندکردنی بودجە
دژە تیرۆری عێراق لە سلێمانی و هەولێر فەوج دەکاتەوە
964+
فەهمی نەبی
دەزگای دژە تیرۆری عێراق رایگەیاندووە، بەهاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو فەوجی دژە تیرۆر لە سلێمانی و هەولێر دەکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەبدولوەهاب ساعیدی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی هەواڵی کردنەوەی ئەو دوو فەوجەی دژە تیرۆری راگەیاند.
بەپێی وتەی سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق، دوای پەسەندکردنی بودجە، بەیارمەتی دەزگای دژە تیرۆری سلێمانی، لەو شارە فەوجێک دروستدەکرێت.
عەبدولوەهاب ساعیدی ئەوەشی وت، لە ئایندە بەهاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و دژە تیرۆری هەولێر، بەهەمان شێوە فەوجێکی دژە تیرۆر لەو شارە دادەمەزرێنن.
ساعیدی رایگەیاند، بەهامەهەنگی دەزگای دژە تیرۆری هەولێر، لەم ماوەیە توانراوە 40 تیرۆرست دەستگیربکرێن و رادەستی دژە تیرۆری عێراق کراون، لەلایەکی دیکە لەم چەند رۆژە، سێ تیرۆرست لە سلێمانی دەستگیرکراون و رادەستکراونەتەوە.