پەتا وەرزییەکان 30%ـی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی لەناو بردووە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

لەگەڵ ھاتنی وەرزی گەرما پەتای وەرزی لە ناو کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی بڵاوبووەتەوە و سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش دەڵێت، 30%ـی بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی لەناو بردووە.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، کە سبەی چوارشەممە یەکەم رۆژی وەرزی هاوینە، چەند پەتایەک لە ناو پەلەوەر بڵاودەبنەوە، بە تایبەت مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکان.

لە دیارترین ئەو پەتایانەی لە ناو پەلەوەر و مریشکدا بڵاودەبنەوە، لە پاڵ ئەنفلۆنزای وەرزی، نەخۆشی نیوکاسڵ و ئای پییە.

نەخۆشی نیوکاسڵ، 7 بۆ 12 رۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام کاریگەریی لەسەر تێکچوونی گۆشتی مریشکەکە دروست ناکات و کاتێک مرۆڤیش دەیخوات زیانی بۆ تەندروستییەکەی نییە، بەڵام نەیخوات باشترە.

هەرچی پەتا و ئەنفلوەنزا وەرزییەکانی دیکەیە 3 بۆ 10 رۆژ بەردەوام دەبن و نەخۆشی ئای پی 5 بۆ 10 رۆژ دەمێنێتەوە.

بە قسەی دکتۆر نەهلە محەمەد، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلجی بێت، ئەو نەخۆشی و پەتایانە لە وەرزی زستاندا لە ناو پەلەوەر بڵاودەبنەوە، بەڵام لە کوردستان ئەوەی جێی سەرنجە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا بڵاودەبنەوە و بەرچاو دەکەوێت.

دەشڵێت: ئەو پەتایانە بکوژن بۆ خودی مریشکەکان، کێڵگەی پەلەوەری ھەیە لە یەک رۆژدا دوو ھەزار مریشکی مردار بوونەتەوە، بەھۆی ئەوەی ئەو نەخۆشییانەی تیادا بڵاوبووەتەوە.

لای خۆیەوە نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکان باسی لەوەکرد، بە شێوەیەکی بەرچاو ئەو نەخۆشییانە لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا بەربڵاون.

دەشڵێت: تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا رێژی 25 بۆ 30%ـی مریشکی کێڵگەکان لەناوچوون.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی 950 کێڵگەی پەلەوەری ھەیە، ساڵانە 200 ھەزار تۆن مریشک بەرھەمدێنن.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق