لەسەر گیان لەدەستدانی ژنەکەی هەولێر لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێندرا
964+
فەرمان سادق
لەسەر گیان لەدەستدانی ژنێک وەزارەتی تەندروستی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە.
رووداوەکە دوو رۆژ پێش ئێستا بووە، کاتێک ژنێکی دوو گیان لە یەکێک لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان داخڵ دەکرێت، بەڵام دوای نەشتەرگەری بە قسەی براکەی بێت کە قسەی بۆ 964 کردبوو، خوشکەکەی پاش نەشتەرگەری تووشی خوێنبەربوون ببوو، چەندینجار لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیمان بە پزیشکەکەی کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
ئەو وتیشی “بەهۆی ئیهمالی دکتۆرەکە خوشکم گیانی لەدەستداوە”.
دوای دوو رۆژ لەسەر رووداوەکە، وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: لەژێر رۆشنایی یاسای مافی نەخۆش بە ژمارە (4)ـی ساڵی 2020 و پەیڕەوی لێکۆڵینەوە ژمارە (16) ساڵی 2022، بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسی مردنی نەخۆشێک لە شاری هەولێر، بەچاودێری و ئامادەبوونی دادوەری نوێنەری داواکاری گشتی بۆ بەدواداچوونی زانستی و یاسایی و ئاشکراکردنی دەرەنجامەکان بۆ رای گشتی.