قیڕتاو نرخی زەوی لە هەشتی حەسارۆک بەرزکردەوە

+964

فەرمان سادق

دواجار شا رێگای گەڕەکی هەشتی حەسارۆک قیڕتاو کرا، بەمەش نرخی زەوییەکانی هەڵکشا.

ئەمڕۆ دووشەممە پێنجی کانونی یەکەم، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەستکرا بە قیڕتاوكردنی شەقامی 60 مەتری لە زەوییەکانی هەشتی حەسارۆك دەستیپێكرد و دوای تەواوبوونیشی، شەقامەکانی دیکەش قیڕتاو دەکرێن.

زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک، ١٦ هەزارو ٥٠٠ پارچە زەوی ٢٥٠ مەتری تا ٦٠٠ مەترین، ماوەی زیاتر لە ١٨ ساڵە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەست بەدابەشکردنی کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ نەچووەو، حکومەتیش رێگای بە خاوەن زەوییەکان نەداوە خانووی لەسەر دروستبکەن.

دوای زیاتر لە ٢٠ جار لە دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک، دواجار ساڵی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شوێنی زەوییەکانی کرد، بەڵێنی ئەوەیشی بە خاوەن زەوییەکاندا کە خزمەتگوزاری بگەیەنن بە زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک.

ئەو زەوییانە دەکەونە سەر رێگای هەولێر کەسنەزان، پشت پڕۆژەی فلۆریا ستی، دەکەوێتە نێوان دوو سایدی لاوان و گەڕەکی پێنجی حەسارۆک، بەلای چوون بۆ بنەسڵاوە.

لە ماوەی رابردوودا بە قسەی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کورستان، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نەگەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک، کەمی ئاوی ژێر زەوی ناوچەکەیە کە تا سەرووی ٤٠٠ مەتر ئینجا دەتوانرێت لە رێگای گیرەوە ئاو دەربهێنرێت و، تۆڕی ئاوی ئیفراز نەگەیشتووە بەو ناوچەیە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ؛ چوار بیری ئاو لێدراون و لە داهاتوویەكی نزیكدا، چوار بیری دیكەش لێدەدرێن.

زیاتر وتی “دروستکردنی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ دەستیپێكردووە، لەكاتی ئاوەدانبوونەوەی زیاتری گەڕەكەكەش، بەرنامە و پلانی دیكەمان هەیە”.

دوای سەردانی سەرۆک وەزیران، وەزارەتی شارەوانی یەکەیەکی شارەوانی لەسەر دووسایدی لاوان، سەر زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دانا، بە مەبەستی پێدانی رەزامەندی دروستکردنی خانوو بە خاوەن زەوییەکان.

بەڵام دانانی ئەو یەکەیە، هیچی لە چارەسەری کێشەکە نەگۆڕی، بەهۆی ئەوەی وەزارەتی شارەوانی رەزامەند نیە مۆڵەتی دروستکردنی خانوو بە دابەش دوو بدات.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی شارەوانی، وایکرد چەندجارێکی تر ژمارەیەک لە خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک لە گروپی ڤایبەری خۆیان کە پەیامنێری +964 لەو گروپە بوونی هەیە، کار بۆ ئەنجامدانی نارەزایەتی دژ بە بڕیارەکە بکەن و، چەندجارێکیش لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی شارەوانی، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجامبدەن، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی شارەوانی ئامادە نیە رێگەدان بە دابەش دوو بدات.

یوسف شێخ محەمەد، یەکێکە لەو کەسانەی کە زیاتر لە ١٥ ساڵە کاری کڕین و فرۆشتن لە زەوییەکانی هەشتی حەسارۆکان دەکات بە +964ـی وت، قیڕکردنی شەقامی ٦٠ مەترییەکەی هەشتی حەسارۆکان، وایکرد ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی زەوییەکانی گران بێت.

زیاتر وتی “هەر پارچە زەوییەکی ٢٥٠ مەتری لە کۆڵان بێت، نرخەکەی لە ٤٥ هەزار دۆلار (چوار دەفتەرو نیو دۆلار) بەرز بووەوە بۆ نزیک ٥٠ هەزار دۆلار، ئەگەری زۆریشی هەیە بۆ بەیانی هێشتا نرخەکەی بەرز ببێتەوە”.