"چیتر ئاو لەو شوێنە کۆنابێتەوە"
دوای 7 مانگ ئاوەڕۆی شەقامی 30 مەتری تەواوکرا
964+
پێشەوا محەمەد
پڕۆژەی ئاوەڕۆی شەقامی 30 مەتری تا 60 مەتری لە شاری هەولێر تەواوکرا و لەمەودوا لە وەرزی زستاندا ئاو لەسەر ئەو شەقامە کۆنابێتەوە. ئەوە قسەی وەزارەتی شارەوانییە.
پڕۆژەکە بڕی دوو ملیار و 429 ملیۆن و 370 هەزار دیناری تێچووە و حەوت مانگ پێش ئێستا بڕیاری کارکردن تێیدا راگەیەندرا.
964 ئەوکات لە زاری بەرپرسانەوە هەواڵی لەسەر شەقامەکە کردووە و بڕیار بوو لە ماوەی 90 رۆژ تەواو بکرێت، بەڵام لە 10.11.2023 کە بڕیاری داخستنی رێگایەکە دراوە تاوەکو ئەمڕۆ دەکاتە حەوت مانگ و هەشت رۆژ، واتە 128 رۆژ بەسەر وادەکەیدا تێپەڕیوە.
ئەو شوێنە ساڵانە لە وەرزی زستان و لە کاتی بارانباریندا ئاوێکی زۆری لێ کۆدەبووەوە و رفتی هاتوچۆشی دروست دەکرد.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ یەکشەممە 18.6.2023 لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی کردووە.
964 لە شارەوانی هەولێرەوە دەزانێت، وابڕیار بوو مانگی دووی ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواو بکرێت، بەڵام تەواوکردنەکەی ماوەی چوار مانگ دواکەوت.