حکومەتی هەرێم “گرێبەستە گشتییەکان”ده‌كاته‌ سیستەمی ئەلیکترۆنی

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٥ ی كانوونى یه‌كه‌مى 2022، لە شاری هەولێر ڕێوڕەسمی بە فەرمی ناساندن و کردنەوەی سیستەمی ئەلیکترۆنی گرێبەستە گشتییەکان بۆ حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان بەڕێوەچوو.


لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی پلاندانانى هه‌رێم بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی کۆیکای کۆری کاری لە سەر دیزاین و دروستکردنی ئه‌م سیسته‌مه‌ كردووه‌.


به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى كه‌ +964 له‌ مه‌راسیمه‌كه‌ ده‌ستى كه‌وتووه‌، وەک قۆناغی یەکەم هەریەک لە وەزارەتەکانی (کارەبا، کشوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، تەندروستی، شارەوانی و گەشتوگوزار) و پارێزگای هەولێر لەم سیستمەدا بەشدارن و لە قۆناغەکانی داهاتوو وەزارەتەکانی تر و سەرجەم دەسەڵاتەکانی گرێبەست لە حکومەت دەبنە بەکارهێنەری ئەم سیستمە.


چۆ کیجۆنگ، کۆنسوڵی کۆریای باشوور له‌هه‌رێمی كوردستان ، كه‌ وڵاته‌كه‌ى هه‌ماهه‌نگى حكومه‌تى كردووه‌ بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، له‌ وتارێكدا وتی “واژۆی گرێبەستەکان دەبێتە دیجیتاڵی و پارەیەکی زۆر بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە”.


لەبارەی گرنگی ئه‌و سیستمه‌ش كیجۆنگ، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ سیستمەکە هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناخێکی نوێ و لەمەودوا گرێبەستە گشتییەکان لەسەر کاغەز نابن، بەڵکو دەبنە دیجیتاڵی، لەو رێگەیەوە کۆمپانیا تۆمارکراوەکان دەتوانن لەڕێگەی سیستمی ئەلیکترۆنی و لەسەر هێڵی ئینتەرنێت داوای گرێبەست بکەن، پێویست بەوە ناکات سەردانی فەرمانگە حکومییەکان بکەن بۆ داواکردنی گرێبەستەکان.


لایخۆشیه‌وه‌ مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا، ناساندن و دەستبەکاربوونی ئه‌و سیسته‌مه‌ی به‌ گرنگ زانى و وتیشی “جێبەجێکردنی چاکسازییەکانمان خێرا دەکات و دەبێتە هۆی پەرەپێدانی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە تەندەرە گشتییەکان”.


له‌ئێستادا، وەزارەتی پلاندانان دەستی بە نوێکردنەوەی رێنوێنییەکانی تەندەرە گشتییەکان و راھێنان بە بەڵێندەران کردووە بۆ شارەزابوون لە بەکارهێنانی ئه‌م پۆرتاڵه‌ نوێىه‌ و سه‌رۆكى حكومه‌تیش ئه‌وه‌ى ئاشكرا كرد كه‌ لە چەند هەفتەی داهاتوودا، ئەو سیستمە لە گشت وەزارەتەکانی حکومەتدا جێبەجێ دەکرێت.