نازم دەباغ بۆ +964؛ لەسەر داوای ئێران حکومەتی هەرێم رێنمایی بە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوە

+964

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

چەند رۆژێکە، فەرماندە سەربازییەکانی ئێران بێدەنگن لە ئەگەری ئەو هێرشە زەمینییەی کە بڕیاریان وایە بۆ سەر بارەگای هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامی بدەن، نوێنەری حکومەتی هەرێمی لە تاران دەڵێت، “وەک دەرفەتێک رێنمایی بە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دراوە”.

ئەمرۆ دووشەممە پێنجی کانونی یەکەم، نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران بە +964ـی وت، ” لە رووە سیاسییەکەوە ئێستا هەماهەنگییەکان کەوتۆتە نێوان بەغداد و تاران بۆ ئەو داوایانەی ئێران هەیەتی لەبارەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوو ئێران پەیامی هەبووە، راستەوخۆ شاندی ناردووە بۆ هەولێر و سلێمانی”.

“ئێران تەنیا یەک خاڵی بەلاوە گرنگە، ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، یاخود ئەگەر تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بێت، بۆشایی سنوور نەهێڵنەوە و کۆنترۆڵی بکەن، لە پەیامی شاندەکاندا ئەمە هەبووە، بۆیە حکومەتی هەرێمی رێنمایی بە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوە”، نازم دەباغ وای وت.

ئێران و هەرێمی کوردستان، زیاتر لە  سنووری هاوبەشیان هەیە کە بەگومانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێزەکانی رۆژهەڵات کوردستان لەو سنورانەوە بە ئازادی هاتووچۆ دەکەن، نازم دەباغ دەڵێت، “لەگەڵ ئەوەین بە رێگەی وتوێژ دۆخەکە چارەسەر بکرێت، ئەوەش لەچوارچێوەی یاسا و رێساکانی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی سنوور بۆ ئەو هێز و لایەنانە دابنرێ کە دەیانەوێت لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە پەلاماری کۆماری ئیسلامی ئێران بدەن، ڕێگەش نەدات سوپای پاسداران بچێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە”.

نازم دەباغ، لێکتێگەشتنێک لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ئاشکرادەکات و دەڵێت وەک دەرفەتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، ” هەرجۆرە دەستدرێژییەک لەناو خاکی هەرێمەوە بۆسەر کۆماری ئیسلامی ئێران و هاندان بۆ توندتیژی و ناسەقامگیری هاوبەش ڕێگە پێنادەن و دەبێت پابەندی ئەو ڕێنماییانەبن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیان دەدات”.

بە وتەی نازم دەباغ، ئەوان ئەزموونی خۆیان هەیە لە رابردوودا، هەر کێشەیەک کە لە بنەرەتدا چارەسەر نەکرێت، ئەوە بەشێوەی کاتی هەر سەرهەڵدەداتەوە، ئەو پێی وایە، وڵاتی سێیەم یاخود دروستکردنی ئۆردوگایەک نابێتە چارەسەر بۆ نەمانی بیانووی ئێران لەبارەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە.

” ئێران زۆرجار نیگەرانی خۆی دەگەیەنێت، بە نموونە زۆرجار وەک بەڵگە نیشانمان دەدات، کە چەک لەنێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە هێنرابێتە نێو خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام ئێمە وەک نوێنەرایەتی نازانین ئەوە کەی و لەکوێ و چۆن هاتووە، یاخود ئەگەر ئەمە سیناریۆیەکیش بێت” نازم دەباغ وای وت.

لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران و کاردانەوەی لە شەقامی ئێران، نازم دەباغ وتی، ” شەقامی ئێرانی بووە بە دووبەشەوە، بەشێک لە خەڵکی ئەو جۆرە هێرشانە رەتدەکەنەوە و پێیان وایە بێ کاریگەر ئەبێ، بەشێک لە خەڵکیش بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی وڵات و سنوور پشتیوانی دەکەن”.