پاڕکی گڵکەند زیاتر له‌ نۆ هه‌زار دارى لێ چێندراوه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئه‌ندازه‌ى پاڕ‌كه‌كانى هه‌ولێر ده‌ڵێت، گڵكه‌ند یه‌كه‌مین پاركى هه‌ولێره‌ و 58 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دروستكراوه‌ و ئێستاش جگه‌ له‌ ده‌یان گوڵى جۆراوجۆر، زیاتر له‌ نۆ هه‌زار دارودره‌ختى جیاجیاى  لێ چێندراوه‌.

سه‌روه‌ر وه‌یسی كه‌ریم به‌رپرسی راگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئه‌ندازه‌ى پاركه‌كانى هه‌ولێر، به‌ 964ـى وت، ساڵى 1965 به‌ردى بناغه‌ى ئه‌و پاركه‌ وه‌ك یه‌كه‌مین پاڕكی هه‌ولێر دانراوه‌ و له‌ 28.3.1968 یش ته‌واو كراوه‌.

وتیشی “شوێنى ئه‌و پاڕكه‌ پێش ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌ دروستكردنى بكرێت، حه‌ساری چه‌ند ئاغایه‌كی ئه‌وكاته‌ بووه‌، دواتر كراوه‌ته‌ باخچه‌ و پاڕك”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ساڵى 2012 بۆ یه‌كه‌مجار‌ ده‌ست به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى كراوه‌، 2017 به‌ رووى خه‌ڵكدا كراوه‌ته‌وه‌.

رووبه‌ره‌كه‌ى 30 دۆنمه‌ و خزمه‌تگوزارى پێویستى بۆ دابین كراوه‌.

به‌رپرسی راگه‌یاندن ده‌شڵێت “زیاتر له‌ نۆ هه‌زار دارودره‌ختى جیاجیا و زیاتر له‌ 20 جۆر گوڵى جیاجیاشی لێ چێندراوه‌”.