قایمقامیەتی خانەقین بۆ هاوڵاتیان: وەرن کۆبۆنی بەنزین وەربگرن

964+

 راژان باجەلان – خانەقین

لە خانەقین کۆبۆنی بەنزین دەدرێت بەوانەی نیانە، قایمقامیەت و فەرمانگەی سامانە نەوتییەکانی شارەکە داوا لە هاوڵاتیان دەکات بچن کۆبۆن وەربگرن.

لە خانەقین ئەگەر کۆبۆنت پێنەبێت هیچ بەنزینخانەیەک بەنزینت پێنادات، دەبێت بچیت بە دەبە لە فرۆشیارەکانی سەر شەقامی بکریت.

ئەو بەنزینەی کە بە کۆبۆن دەدرێتە هاوڵاتیانی خانەقین دوو جۆرە و نرخیان جیاوازە، بۆ نۆرماڵ 450 دینار و بۆ محەسەن 650 دینارە.

ئەمڕۆ هەینی، قایمقامیەتی شاری خانەقین و فەرمانگەی سامانە نەوتییەکانی خانەقین، داوایان لەو کەسانە کردووە کە ئۆتۆمبێلی نوێیان کڕیوە یان جارەکانی دیکە بێبەشبوون لە وەرگرتنی کۆبۆنی بەنزین، ئەوا بۆ رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 18.6.2023، بچنە فەرمانگەی سامانە نەوتییەکان و خۆیان ناونوس بکەن.

دابەشکردنی بەنزین بە کۆبۆن لە خانەقین بۆ ئەوەیە رێگە لە دزەپێکردنی بەنزینەکە بگیرێت بۆ دەرەوەی شار.

هەر کۆبۆنێک کە وەریدەگریت تا هەشت رۆژ دەتوانیت بڕی 50 لیتر بەنزینی پێوەربگریت و دوای ئەو ماوەیە کاریپێناکرێت.

ئەم کۆبۆنانە تەنیا دەدرێت بەو کەسانەی کە ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بە ناوی خۆیانەوەیە و مەرجیشە کارتی زانیاری و کارتی خۆراکی خانەقین بێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر