بۆچی نرخی دۆلار بەرز دەبێتەوە؟

964+
كودستان ئەحمەد – هەولێر

نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی بەرزترین ئاستی تۆمار كرد، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەڵێن هۆكارەكەی سیاسیە.

نرخی ١٠٠ دۆلار لە بازارەكانی هەرێمی كوردستاندا گەیشتە ١٥٠ هەزار دینار و ئەو نرخەش دڵەڕاوكی لە ناو هاوڵاتیاندا دروستكردووە.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بە +964ی راگەیاند، “بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار چەند هۆكارێكی هەیە گرنگترینیان ئەوەیە كە بانكی ناوەندی عێراق دۆلار كەمتر دەخاتە بازاڕەوە”.

پار ساڵ بانكی ناوەندی رۆژانە ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری لە بازاڕدا دەفرۆشت، ئەم ساڵ رۆژانە ١٢٠ ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت واتە نیوەی ئەو رێژەیەی كە ساڵانی پێشو دەیفرۆشت ئەوەش گرفتی گەورەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دروستكردووە، بۆیە كێشەیەكی گەورە بۆ بازار دروست دەبێت خواست زیاد دەكات و خستنە بازار كەمە ئەوەش نرخی دۆلار بەرز دەكاتەوە، ئەمە بە قسەی شارەزایانی ئابوریی.

مەیادە نەجار ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە +964ی راگەیاند،”بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بابەتێكی سیاسیە و حكومەت دەیەوێت بارگرانییەكان لەسەر شانی خۆی لاببات و قورساییەكە دەكەوێتە سەر شانی هاوڵاتی”.

مەیادە نەجار – ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

“بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار لە ١٢٥ هەزار دینارەوە بۆ ١٤٥ هەزار دینار هەڵەیەكی گەورە بوو حكومەتی عێراق كردی، چونكە توانای دابینكردنی موچەی نەبوو، ئەوەش زیانێكی گەورەی بە بازاڕ و هاوڵاتیان گەیاند چونكە باجەكە هاوڵاتی دەیدات”، مەیادە نەجار وای وت.