دوای دوو ساڵ قەدەغەی چاندنی برنج لە گەرمیان هەڵگیرا

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

پاش دوو ساڵ، قەدەغەی چاندنی برنج لەلایەن کشتوکاڵی گەرمیانەوە ھەڵگیرا و ئێستا جووتیاران دەتوانن برنج بچێنن.

دوو ساڵی رابردوو بەھۆی کەمی بارانبارین و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، ئاوی پێویست نەدەگەشت بە بەنداوی حەمرین بۆ ناوچەکانی خواروی عێراق، ھەربۆیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیانەوە چاندنی برنج قەدەغەکرا.

چەڵتوکی برنجی کوردی پێویستی بە بڕێکی زۆر لە ئاو ھەیە، ساڵانە لە سەرەتای مانگی شەش دەست بە چاندنی دەکرێت و لە سەرەتای پایز دەدورێتەوە.

شادیە حسێن بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ى وت، “ئەمساڵ بە مەرجی ئەوەی جووتیاران زیادەڕەوی نەکەنە سەر سەرچاوەکانی ئاو و زیانیان پێنەگەیەنن، رێگە بە جووتیاران دەدەن کە برنج بچێنن، چونکە سەرچاوە ئاوییەکان گرفتی کەمی ئاویان نیە و ئەمساڵ بارانی باش باریوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، دیارنیە کە لە گەرمیان بڕی چەند برنج دەچێندرێت و ساڵانە دەگۆڕێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوودا قەدەغەبووە، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ جووتیاران بڕێکی زۆر برنج بچێنن لە گەرمیان.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر