سەدان کۆچبەر بێسەروشوێنن

زیاتر لە 79 کۆچبەر بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیان خنکان

+964

ئەحمەد عەبدوڵا

بەلەمێکی کۆچبەران کە لە لیبیاوە ویستوویەتی بچێتە ئیتالیا، لە ئاوەکانی باشووری یۆنان کێشەی تێدەکەوێت و بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە نقوم بوو، بەم هۆیەوە 79 کۆچبەر خنکان و سەدانیش بێسەروشوێنبوون

هێزە دەریاییەکانی یۆنان ژیانی زیاتر لە 100 کەسیان رزگار کرد و تەرمی 79 کۆچبەریشیان لە دەریاکە دەرهێنا.

کۆچبەرە رزگاربووەکان دەڵێن بەلەمەکە نزیکەی 500-750 کەسی تێدابووە، بۆیە تا ئێستا گەڕان بە دوای کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان بەردەوامە.

بەلەمەکە لە یەکێک لە قوڵترین بەشەکانی دەریای ناوەڕاستدا نقوم بووە، ئەوەش پرۆسەی دۆزینەوەی کۆچبەرە بێسەروشوێنەکانی قورستر کردووە

حکومەتی یۆنان دەڵێت، یەکێكە لە تراژیدیترین رووداوەکان و سێ رۆژ ماتەمینی سەرتاسەری راگەیاند.

هێشتا بە فەرمی نەتەوەی کۆچبەرەکان رانەگەیندراوە، بەڵام زۆرینەیان لە رەگەزی نێرن و لە بیستەکانی تەمەنیانن.

یۆنان یەکێکە لە رێگا سەرەکییەکانی گەیشتن بە ئەوروپا بۆ کۆچبەرە ئاسیایی و ئەفریقییەکان.

بە هەمان شێوەی ئەم رووداوە، مانگی دووی ئەمساڵ بەلەمێک لە کالابریای باشووری ئیتالیا نقوم بوو، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 94 کۆچبەر.