ئه‌و منداڵه‌ى كه‌وتبووه‌ ناو مه‌نجه‌ڵى شله‌ دۆخی ناجێگیره‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دواى 14 رۆژ له‌ كه‌وتنه‌ ناو مه‌نجه‌ڵێكی شله‌، منداڵه‌كه‌ى ناحیه‌ی ته‌قته‌ق هێشتا دۆخى ته‌ندروستى ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه ‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی پزیشكیش ده‌ڵێت، تا ئێستا له‌ ژێر چاودێریى توونددایه‌.

رۆژى 1.6.2023، منداڵێك به‌ناوى (ر. ر) ته‌مه‌ن چوار ساڵان، لە گوندى مه‌لازیادى سه‌ر به‌ ناحیەی تەقتەق، لە ناو ماڵەكەی خۆیدا كەوتە ناو مەنجەڵی شلە و بەهۆیەوە زۆربەی جەستەی سووتا، بەهۆی سەختی سووتاوییەكەشی، لە نەخۆشخانەی تەقتەقەوە گوازرایه‌وە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژاوای هەولێر.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئێمرجنسی هه‌ولێر به‌ 964ـى وت، ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌و منداڵه‌ هێندراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌یان و تا ئێستاش له‌ ژێر چاودێریدایه‌ و دۆخی ئاسایی نه‌بووه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، به‌هۆى ئه‌وه‌ى رێژه‌ى سووتاوییه‌كه‌ى نزیكه‌ى 50% یه‌، ئه‌و رێژه‌یه‌ش بۆ منداڵان زۆره‌، بۆیه‌ تا ماوه‌یه‌كی دیکەش هه‌ر له‌ ژێر چاودێریی توونددا ده‌مێنێته‌وه‌.