ناوی 546 جوتیاری تر بۆ وەرگرتنی گەنم تۆمار دەکرێت

964+

پێشەوا محەمەد

بە مەبەستی وەرگرتنی گەنم لێیان، ناوی 546 جوتیاری تر دەنێردرێت بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، ناوی هەزاران جوتیار تۆمار نەکراوە.

ناردنی ئەو ناوانە لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵەوە بووە.

بە پێچەوانەی ساڵی رابردووەوە، ئەمساڵ بۆ ئەوەی جوتیاران گەنمیان لێوەربگیرێت دەبوو ناویان تۆمار بکردایە و نووسراویان وەرگرتایە، بەڵام جوتیارێکی زۆر ناوی تۆمار نەکردووە.

“بەشێکی زۆری جوتیاران ئاگایان لە میدیا نییە و سەیری سۆشیال میدیا ناکەن، بۆیە نەیانزانیوە دەبێت ناو تۆمار بکەن و ئێستاش ناویان نییە”، ئەمە وتەی کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە بۆ 964.

حکومەتی عێراق ئەمساڵ 500 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێکیش 850 هەزار دینار دیاریکراوە.

کاسترۆ مەعروف وتیشی، “ئەمساڵ خراپترین پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم هەبوو و پێویستە حکومەتی هەرێم بیر لەوە بکاتەوە خۆی گەنم لە جوتیاران وەربگرێت و هانبدرێن تا لە کاری جوتیاری دوورنەکەونەوە”.