باشترینه‌كانی خولی نایابی كوردستان دیاریکران

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان ئه‌نجامی ده‌نگدانی بۆ باشترینه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان ئاشكرا كرد و سه‌میر بابۆ به‌ باشترین راهێنه‌ر هاته‌ ده‌ستنیشانكردن.

فیدراسیۆنه‌كه‌ ئه‌مشه‌و ئه‌نجامه‌كانی له‌ په‌یجی فه‌رمیی خۆی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، باشترینه‌كانی وه‌رزی 2022-2023ی خولی نایابی كوردستان، له‌ رێگه‌ی ده‌نگی 26 ده‌زگه‌ی راگه‌یاندن، 15 راهێنه‌ر و 15 كاپتنی یانه‌كانی خولی نایاب دیاریكراون.

له‌ ئه‌نجامی كۆتاییدا، سه‌میر سدیق ناسراو به‌ سه‌میر بابۆ، راهێنه‌ری یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، به‌ باشترین راهێنه‌ر دیاریی كراوه‌، دوای ئه‌وه‌ی 52 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌.

ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی هەردوو نازناوی خول و جامی کوردستانی بەدەستهێنا.

سه‌فین فایه‌ق یاریزانی یانه‌ی سه‌یدسادق، كه‌ یاریزانێكی گۆڵكاره‌، به‌ 23 ده‌نگ به‌ باشترین یاریزان دیاریكراوه‌.

هه‌روه‌ها غه‌فوور عوسمان، گۆڵپارێزی یانه‌ی ئارارات، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 31 ده‌نگ به‌ باشترین گۆڵپارێزی ئه‌م وه‌رزه‌ دیاریكراوه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌م وه‌رزه‌ باشترین یاریزانی پیشه‌گه‌ر و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان دیاریی كراوه‌، باشترینیش له‌مه‌دا یاریزانی یانه‌ی ئارارات موسته‌فا حه‌نوونه‌، كه‌ 18 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌.

جێی ئاماژه‌یه‌ به‌شی وه‌رزش له‌ تۆڕی 964 به‌شداریی ئه‌و ده‌نگدانه‌ی كردووه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ ده‌زگه‌ میدیاییه‌ به‌شداره‌كان.

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر تۆڕی 964 له‌ به‌رنامه‌ی 1 بە 1 چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەمیر بابۆ کرد.