ڤیدیۆ: به‌ هۆی مێسی خه‌ڵك دزی لێده‌كرێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

لیۆنێل مێسی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین له‌ چینن، به‌ جۆرێك دوێنێ مه‌شقه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی مێسی و یاریزانه‌كانی دیكه‌ نه‌یانتوانی له‌و هوتێله‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌ تێیدا ده‌مێننه‌وه‌.

پۆلیسی چین هۆشداری داوه‌ته‌ هانده‌ران، ئاگایان له‌ گیرفانیان بێت به‌هۆی دزیكردنه‌وه‌، چونكه‌ قه‌ره‌باڵغی زۆر له‌ به‌رده‌م ئه‌و هوتێله‌ دروست بووه‌، كه‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین لێی نیشته‌جێیه‌ و هه‌ندێك دز و جه‌رده‌ خه‌ریكی هه‌ڵقۆستنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌شه‌ن و گیرفانی خه‌ڵك ده‌بڕن.

هاوكات بلیتی یاریی ئه‌رجه‌نتین و ئوستڕالیا، كه‌ به‌ 670 دۆلاره‌، له‌ ماوه‌ی 20 خوله‌ك به‌ ته‌واوی فرۆشرا و هیچی نه‌ماوه‌.

رۆژنامه‌ی چاینا تایمز بڵاویكرده‌وه‌، هانده‌رێكی چینی 1400 دۆلاری خه‌رج كردووه‌، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی مێسی ببینێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یدیوه‌ و ره‌نگه‌ هه‌ر نه‌شیبینێت.
بڕیاره‌ پێنجشه‌ممه‌ ئه‌رجه‌نتین و ئوستڕالیا له‌ چین رۆژی پێنجشه‌ممه‌ یارییه‌كی دۆستانه‌ بكه‌ن.