لە تاقیگەکانی سلێمانی خەڵک زیاتر کام پشکنینی نەخۆشی دەکەن؟
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی 964 دەرکەوتووە، زۆرترین پشکنین کە لە تاقیگە پزیشکییەکانی سلێمانی ئەنجام دەدرێن، بۆ هەریەکە لە چەوری خوێن، شەکرە و ڤیتامین D بوون.
ئەو تاقیگەیانەی پرسیاریان لێکراوە بۆ زانینی رێژەی بەرزی کام جۆری نەخۆشی، بەشی زۆریان لە شەقامی ئۆرزدی سلێمانین، بەشێکی زۆری دکتۆر و تاقیگە و دەرمانخانەکان لەو شەقامەن.
سیروان حەمە غەریب، پزیشکی بایەلۆجی رۆژی سێشەممە بۆ 964 قسەی کرد و وتی “جیاواز لەو نەخۆشانەی پزیشکی پسپۆڕ داوای پشکنینیان لێدەکات، خەڵکانێک دێن، بە خەم تەندروستی خۆیانەوەن و لەسەر خواستی خۆیان داوای پشکنین دەکەن”.
ئەو پزیشکە رێنمایی ئەوە بە خەڵک دەدات، کە شەش مانگ یان ساڵی جارێک بێت پشکنینی غودە بکەن، چونکە بە وتەی ئەو “رێژەی تووشبوون بە غودەی تەمەڵ لەنێو خەڵکدا زیادیکردووە”.
سەرجەمی ئەو تاقیگەیانەی پرسیاریان لێکراوە، بە نزیکی هەموویان یەک وەڵامیان هەبووە، خەڵک بە زۆری داوای ئەم پشکنینانەی کردووە، پشکنینی پێکهاتەکانی خوێن، ڤیتامین دی، شەکرەی رۆژانە، شەکرەی سێ مانگی، فرمانی جگەر، فرمانی گورچیلە، داء الملوک، چەورییەکان و رژێنی دەرەکی غودەیە.
ئەو پشکنینانەی ئەنجامدەدرێن، بەشێکیان نرخیان حەوت هەزار دینارە، بەڵام بە گشتی پشکنینە سەرەکییەکان نرخیان لە سێ هەزار دینارەوە بۆ 35 هەزار دینار دەبێت.
سەرباز جەلال پزیشکی شیکاری نەخۆشییەکانە، بۆ 964 وتی “پشکنینی چەوری، ڤیتامین، غودە و شەکرە سەرەکین، کە خەڵک زۆر داوای دەکات، بەڵام گرنگترە کەسانی سەروو 40ساڵ زیاتر هۆشیاربن و زوو زوو پشکنین بکەن”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی