وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆدی سێ یەكەمەكان بۆ زانکۆکان دەنێرێت

964+

كوردستان ئەحمەد

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، كۆدی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی دەرچووی زانکۆکانی هەرێم، ئەوانەی دانیشتووی ناوچە جێناکۆکەکانن بۆ زانكۆكان دەنێرێت.

بە پێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە ئەمڕۆ سێشەممە، بڵاوکراوەتەوە، خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە دانیشتووى ناوچەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن ئاگاداردەکاتەوە، دەتوانن کۆدى دامەزراندنیان لە زانکۆکانی خۆیان وەربگرنەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کۆدیان بۆ هاتووەتەوە ژمارەیان دوو هەزار و 75 کەسە.

توانا جاف، بەڕێوەبەرى گشتیی کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە ماڵپەڕی وەزارەتەکەی راگەیاندووە، لیستەکانیان نێردراوە بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق، دواتریش بۆ ئەنجومەنى راژەى عێراقى نێردراوە، بۆ ئەوەى QR کۆدیان بۆ دروست بکرێت.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، یەكەمەكانی ناوچە جێناکۆکەکان لە ماوەی رابردوودا چەندان جار مانگرتنیان راگەیاند و داوایان كرد دابمەزرێن.