قایمقامیەتی سلێمانی هۆکاری کەوتنی کرێن تاوەرەکەی ئاشکراکرد
ژووری هەواڵ
قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیان بۆیان دەرکەوتووە، کەوتنی کرێن تاوەرەکە بەهۆی “تێکچوونی هاوسەنگی” بووە.
دوێنێ یەکشەممە، کرێن تاوەرێک لە پرۆژەی دەروو ستی گەڕەکی قولەرەیسی سلێمانی کەوت، هەشت کرێکار پێوە بوون، سیانیان گیانیان لەدەستدا، یەکێکیان بە سەختی بریندارە، چوارەکەی دیکە بە سەلامەتی رزگاریان بوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، قایمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا قسەی لەسەر رووداوەکە کردووە.
قایمقامیەت دەڵێت، ئەمڕۆ لیژنەی سەلامەتی کرێکاریی سەر بە لیژنە هاوبەشەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە سەردانی پرۆژەکەی کردووە.
“بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی لێکۆڵينەوە و بەدواداچوونی لیژنەکەمان دەرکەوتووە، هۆکاری تێکشکان و کەوتنەخوارەوەی کرێن تاوەرەکە دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی هاوسەنگی”، قایمقامیەت وا باسیکردووە.
964 دەزانێت، بە بڕیاری دادوەر پەڕاوی لێکۆڵينەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.