پردێکی ستراتیژییە
رانیە.. 67%ـی پردی دەربەند تەواو بووە
964+
مەجید بیتوێنی – ڕانیە
پردە نوێیەکەی دەربەند سەرووی67%ـی کارەکانی تەواو بووە، بە تەواوبوونیشی مەرزی کێلێ و ئیدارەی راپەڕینیش بە پارێزگای سلێمانییەوە دەبەستێتەوە و هەروەهای کێشەی جوتیارانی 46 گوندی ناحیەی بنگردیش چارەسەر دەکات.
پڕۆژەکە لە 13.10.2020 دەستی پێکردووە و گوژمەی 12 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژەکان.
هیوا عەبدوڵا، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە 964ـی وت، لە نۆ دانە گێردەر دوو سپان ماوە دابندرێت، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار قۆناغی کۆنکرێتکردنی سەقفی پردەکە دەستیپێکرد و لە کۆی 400 مەتر درێژییەکەی 100مەتری لێ کۆنکرێت کرا و دابەشیانکردووە بەسەر چوار بەشدا، هەرجارەی بەشێکی کۆنکرێت دەکرێت.
پردە نوێیەکەی دەربەند درێژییەکەی 400 مەترە، پانییەکەی 15 مەترە بەرزییەکەی 32 مەترە، کۆمپانیای جێبەجێکار بەڵێنیداوە لەماوەی 18 مانگدا تەواوی بکات، بەڵام بەهۆی نەمانی پارەی پێویست لە بانک چەندجارێک کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستاوە.
“کاری پڕکردنەوەی لە هەردوو جەمسەری پردەکە دەستی پێکردووە و ئەگەر گرفتی نەمانی پارەی نەختینە نەیەتە پێشەوە و لەکاتی خۆیدا پارە بۆ کۆمپانیا خەرج بکرێت، لە چوار مانگی داهاتوودا پردەکە تەواو دەبێت”. هیوا عەبدوڵا، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە وادەڵێت، باس لەوەش دەکات بەڵام ئەگەر بەمشێوەی ئێستا کە لە مانگێکدا تەنیا 150 ملیۆن دیانری بۆ خەرج دەرکێت لە جیاتی ئەوەی هەفتانە ئەو بڕە پارەیەی بۆ خەرج بکرێت، ئەوا ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین پردەکە کەی تەواو دەبێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق