دەستەی وەبەرهێنان: حەوت ناوچەی پیشەسازی لە دروستکردندان
964+
لە هەرێمی کوردستان حەوت ناوچەی پیشەسازی لە دروستکردندان و بە وتەی دەستەی وەبەرهێنان، هەندێکیان لە جێبەجێکردندان و هەندێکیشیان لە دابینکردنی زەویدان.
لە ئێستادا لە هەریەکە لە پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەڕین، گەرمیان، زاخۆ، سۆران و ناحیەی بەردەڕەش ناوچەی پیشەسازی لەسەر رووبەری 400 دۆنم زەوی لە دروستکردندان و لە گەرمیان دوو ناوچەی پیشەسازی دەبێت و یەکێکیان لەسەر رووبەری 2020 دۆنم زەوی دەبێت.
لە ماوەی ساڵانی 2006 تا 2022 دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی بە 340 پڕۆژەی پیشەسازی داوە.
“ئێمە ناوچە پیشەسازییەکان ئامادە دەکەین پاشان داوا لە وەبەرهێنەران دەکەین پڕۆژە پێشکەش بکەن”، پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان وای بە 964 وت.
دەشڵێت، لە ناوچە پێشەسازییەکان زۆنی پڕۆژەی قورس و سووک دیاریدەکرێت، “لەم کابینەیەدا گرنگی زۆر بە پڕۆژەی پیشەسازی دراوە و ئاسانکاری زۆریش بۆ وەبەرهێنەر دەکرێت”.
پێشتر لە هەریەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کار لە ناوچەی پیشەسازیدا کراوە.