هانده‌رانی مان سیتی و ئینته‌ر له ئیستهنبۆڵن و دڵه‌ڕاوكێیان هه‌یه
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
به هه‌زاران هانده‌ری هه‌ردوو یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتیی ئینگلیزی و ئینته‌رمیلانی ئیتالی گه‌یشتوونه‌ته شاری ئیسته‌نبۆڵ، به‌ڵام ترسیان له سیناریۆی وه‌رزی رابردووی شاری پاریس هه‌یه.
ئه‌مشه‌و هه‌ردوو یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتیی ئینگلیزی و ئینته‌رمیلانی ئیتالی له یاریی كۆتایی خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا “چامپیۆنزلیگ” له ئیسته‌نبۆڵ رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه.
له شه‌وی رابردووه‌وه به هه‌زاران هانده‌ری هه‌ردوو یانه گه‌یشتوونه‌ته شاری ئیسته‌نبۆڵ و شه‌قامه‌كانی ته‌قسیم و نهڤیزادیان ته‌نیوه.
هانده‌رانی هه‌ردوولا به لافیته و دروشمی جۆراوجۆر ده‌ركه‌وتوون و كه‌شێكی پڕ هه‌یه‌جان و گه‌رموگوڕیان دروست كردووه.
به‌ڵام به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی به‌ریتانیا BA MEDIA، هانده‌رانی هه‌ردوو یانه جۆرێك له دڵه‌ڕاوكێیان هه‌یه و ترسیان له چوونه یاریگه هه‌یه و له سیناریۆی یاریی كۆتایی وه‌رزی رابردوو له پاریس ده‌ترسن.
وه‌رزی رابردوو له یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ له نێوان ریال مه‌درید و لیڤه‌رپوول، هانده‌رانی لیڤه‌رپوول له به‌رده‌م په‌رژینی یاریگه‌ی ستاد دوفرانس مانه‌وه و پاڵه‌په‌ستۆ و ئاژاوه دروست بوو، كه نه‌یانتوانی بچنه ژووره‌وه، دواتر پۆلیس گازی فرمێسكڕێژی بۆ بڵاوه‌پێكردنیان به‌كارهێنا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا وه‌رزی رابردوو هانده‌رانی ئامۆژگاری كرد، كه كاتێكی زووتر له یارییه‌كه رووبكه‌نه یاریگه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان له كاتژمێر یه‌كی نیوه‌ڕۆ، كه 9 كاتژمێر پێش یارییه‌كه‌یه، پاسی تایبه‌ت و خۆڕایی بۆ گواستنه‌وه‌ی هانده‌ران له مه‌یدانی ته‌قسیم بۆ یاریگه دابین كراوه، كه نزیكه‌ی یه‌ك كاتژمێر رێگه‌ی نێوانیانه.