باقی پاش 30 ساڵ دابڕان یەکەمی بەشەکەی بوو

964+
محەمەد عومەر

مام باقی خۆی و هاوپۆلەکانی کە هاوتەمەنن لەگەڵ منداڵەکانی، دانیشتوون و باسی یادگارییەکانی پەیمانگە دەکەن.

ئەو پاش 30 ساڵ دابڕان، لە تەمەنی 52 ساڵی و بە پلەی یەکەم بڕوانامەی دپلۆمی لە کارگێڕی کار بەدەستهێناوە.

باقی شەوکەت، دانیشتووی ناحیەی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە، پیشەکەی پێشمەرگەیە، رەنگە هەر ئەمەش وایکردبێت کۆڵ لە خوێندن نەدات.

ئەگەرچی باقی بە هۆکاری جیاجیا لە خوێندن دابڕاوە، بەڵام هەمیشە وتوویەتی، تەمەن باقی بێت دێمەوە.

هاوپۆلێکی باقی دەڵێت، کە یەکەم رۆژ بە جامانەوە چووەتە پۆلەکەیان، تووشی سەرسوڕمان بوون.

دکتۆر سەحەر، مامۆستایە لە کارگێڕی کاری زانکۆی هەڵەبجە، ئەم ئێستاش موعجیبە بە جدییەتی باقی.

ئەگەرچی نالەباریی ژیان 30 دانە ساڵ رێگای قوتابخانەی لێ گۆڕی، بەڵام باقی هەرگیزا و هەرگیز ئامانجەکەی خۆی نەگۆڕی، ئەو ئێستا هیوایەکە بۆ هەموو ئەوانەی هێشتا بە ئاواتەوەن خوێندن تەواو بکەن.