گوڵەكان بەرگەی گەرما دەگرن
شەقامەكانی بجیل بە گوڵ رازێنرانەوە
964+
كوردستان ئەحمەد
شەقامەكانی ناحیەی بجیل بە گوڵی رەنگاورەنگ رازێنرایەوە و وا بڕیارە هەموو بلواری شەقامەكانی گوڵڕێژ بكرێن.
گوڵەكان رەنگاورەنگن زۆربەیان رەنگیان زەردە، باڵا كورتن تەنیا 25 سانتیمەتر بەرزدەبنەوە، گوڵی یەك پەل و بۆندارن، بەرگەی گەرما و كەم ئاوی دەگرن.
گوڵەکان لە حەوت بلواری شەقامەكانی ناحیەی بجیل چێندراون و ئاوەڕۆیان بەشێوەی قەترە بۆ دروستكراوە.
پەیجی شارەوانی دهۆك لەسەر ناشتنی گوڵەكان نوسیویەتی، ئەم پرۆسەیە لە تەواوی بلوارەكانی شەقامی ناحیەكە بەردەوامدەبێت.
ناحیەی بجیل سەر بە قەزای ئاكرێیە 20 كیلۆمەتر لە قەزاكەوە دوورە و نزیكەی 30 هەزار دانیشتووی هەیە، زۆربەی دانیشتووانەكەشی بەكاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداریەوە سەرقاڵن.