دراگۆنەکە لە کاتی تاقیکردنەوەدا - وێنە: 964
دۆستی ژینگەیە
ئامێرێک بە گەرمی 2000 پلە مینەکان دەتەقێنێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دەزگای گشتی کاروباری مین ئامێرێکی تەقاندنەوەی مینی تاقیکردەوە، کە خۆیان دەڵێن دۆستی ژینگەیە و دەتوانێت پێنج جۆر مین بتەقێنێتەوە.
ئامێرەکە ناوی دراگۆنە و بە گەرمیی 2000 پلەی سیلیزی ئاگر بۆ کەپسوولی مینەکان دەنێرێت و دەیانتەقێنێتەوە.
تەنیا کێشەی بەردەم دەزگاکە ئەوەیە، ئەو ئامێرە یەک یەک مینەکان دەتەقێنێتەوە و بەکۆمەڵ کارناکات.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە 964ی راگەیاند، ئامێرەکە خۆی بۆ مینی دژەتانک دروستکراوە، بەڵام لەسەر شەش جۆر مین تاقیکراوەتەوە و بۆ پێنجیان زۆرباش بووە.
“ئامێرەکە هەر دانەیەکی بە 20 دۆلارە، بەڵام ئێمە ژمارەیەکی کەممان پێویستە و تەنیا بۆ ئەو جۆرانە بەکاریدەهێنین کە نابێت دەربهێندرێن و لە شوێنی خۆیان دەیانتەقێنینەوە”، ئەوەش وتەی جەبار مستەفایە.
ئامێرەکە بە دۆستی ژینگە ناسراوە، “چونکە هیچ پیسییەک بڵاوناکاتەوە و دەنگی گەورە نییە و چواردەورەکەی ناهەژێنێ و هیچ مەترسییەکیش بۆ تیمەکانمان دروست ناکات”.