دوو مانگی تر تەواو دەبێت
بەشەناوخۆییەکەی زانکۆی سەڵاحەدین دوو هەزار خوێندکار دەگرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
کۆمەڵگەیەکی بەشەناوخۆیی بۆ دوو هەزار خوێندکار لە زانکۆی سەڵاحەدین دروستدەکرێت، 25 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە و و رووبەرەكەشی 25 دۆنم زەوییە.
پرۆژەکە بەشێکە لە پرۆژەی كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، رێژەی 98٪ـی تەواو بووە و تەنیا راکێشانی هێڵی کارەبای ماوە، بڕیارە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، تەیب عومەر، بەڕێوەبەری ئەندازە و پڕۆژەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاری راگەیاند، بەشەناوخۆییەکە پێکهاتووە لە چوار باڵەخانەی سێ نهۆمی، لەگەڵ باڵەخانەیەكی كافتریای سێ نهۆمی، هەشت كۆشك، بنكەیەكی تەندروستی، باڵەخانەیەكی كارگێڕی، هۆڵی پێشوازی و هۆڵێكی گەورە.
رووبەری هەر نهۆمێک 400 مەتر چوارگۆشەیە و پاركی ئوتومبێل و دوو گۆڕەپانی بالە و باسكەی تێدایە.
“لە رووی پاراستنی سەلامەتییەوە، سیستەمی ئاگركوژێنەوە وە زەنگدانەوەی ئاگری تێدایە و ئینتەرنێت و سیستەمی كامێرەی چاودێریی هەیە؛ هەموو باڵەخانەكان بەو سیستەمانەوە بەستراونەتەوە”، تەیب عومەر وای وت.