لە ترسی گڕگرتن داخرابوو

نەخۆشخانەی ئەڵوەن لەدوای گۆڕینی سەقفەکەی دەکرێتەوە

964+
راژان ماجید – خانەقین

ماوەی دوو ساڵە نەخۆشخانەی ئەڵوەنی تایبەت بە نەخۆشییە گواستراوەکان لە خانەقین، لە ترسی گڕگرتن داخراوە، بڕیارە بەم نزیکانە ئەو کێشەیەی چارەسەر بکرێت و دووبارە بکرێتەوە.

د. شوان شاکر دارا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانەقین بە تۆڕی 964ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی سەقفی نەخۆشخانەکە لە PVC دروستکراوە، ترسی ئەوەی هەیە ئاگر بگرێت، بۆیە کاری تێدا ناکرێت.

“بەشی ئەندازیاری تەندروستی دیالە رازیبوون سەقفی نەخۆشخانەکە بگۆڕن بە مادەیەکی دیکەی بیناسازی کە گڕنەگرێت”، د. شوان شاکر دارا وا دەڵێت.

PVC مادەیەکی پلاستیکییە و دوو جۆری سەرەکی هەیە، جۆری یەکەم رەقە و بەکاردێت لە دروستکردنی بۆری ئاوەڕۆ و چوارچێوەی پەنجەرە و دەرگا، هەروەها لە دروستکردنی بوتڵ و کاردی بانکیدا بەکاردێت. جۆری دووەم جیڕە و نەرمە، لە دروستکردنی وایەری کارەبایی و هەندێک جۆری بۆری و چەرم و پلاستیکی زەوی ناوماڵ و چەندین بەرهەمی دیکەدا بەکاردێت.

نەخۆشخانەکە زیاتر لە 30 ژووری هەیە، بڕیارە لەدوای گۆڕینی سەقفەکەی بکرێت بە بەشی راوێژکاری تایبەت بە نەخۆشخانەی خانەقین.

نەخۆشخانەی ئەڵوەن نزیکەی سێ ساڵ بەر لە ئێستا و لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن خێرخوازانەوە، بەتایبەت بۆ توشبووانی ئەو ڤایرۆسە دروستکرا، بەڵام ماوەی دوو ساڵە دەرگاکەی داخراوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر