دوای سێ ساڵ تیمەکانی مین هەڵگرتنەوەی گەرمیان کەوتنەوە کار

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

تیمی مین هەڵگرەوەی گەرمیان دوای سێ ساڵ وەستانیان دەستیانبەکار کردەوە، دەزگاکەش دەڵێت، هۆکاری وەستانەکەیان نەبوونی ئۆتۆمبێل بووە و ئێستا بۆیان دابینکراوە.

تیمەکە لە ساڵی 2020ـەوە بەهۆی نەمانی ئۆتۆمبێلەوە لە کارکردن وەستان، ئەوەش وایکردووە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا کارەکانیان بوەستێت.

لە ئێستادا دوو ئۆتۆمبێلیان بۆ دابینکراوە و بڕیارە لەمەولا تیمەکە دەست بە پاککردنەوەی مینەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بکاتەوە.

“لە گەرمیان حکومەتی بەعس مینی بۆ پێشمەرگە داناوە و سنوورەکانی گەرمیانیش بە لای ئێرانەوە بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران – عێراقەوە مینڕێژ کراون و ژمارەیەکی زۆری مین لەو سنوورانەن”، ئەمە وتەی جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مینە بۆ 964.

ساڵی رابردوو دەزگای گشتی کاروباری مین زیاتر لە 4600 مینیان پووچەڵ کردووەتەوە لەناو دوو ملیۆن و 677 مەتر دووجا زەویدا.