زانکۆی گەرمیان: لە هەفتەی داهاتووەوە ناوی خوێندکارە نەهاتووەکان دەنوسرێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان بڕیاریداوە، لە هەفتەی داهاتووەوە هەر خوێندکارێک نەچێتە هۆڵەکانی خوێندن بە نەهاتوو هەژمار بکرێت، نوێنەری خوێندکارانیش دەڵێت، هێشتا بڕیاریان نەداوە بگەڕێنەوە.
فەرھاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە 964+ی و، داواکاری خوێندکارانیان گەیاندووەتە خوێندنی باڵا و ئەنجومەنی وەزیران، لە زۆربەی زانکۆکان کۆتایی بە خۆپیشاندان ھاتووە چونکە پەیامەکەیان گەشتووە.
هەروەها وتی، ئەگەر بۆ هەر وەرزێک ماوەی خوێندنیان لە ١٥ هەفتە کەمتر بێت، لە لایەن یونسکۆوە گرفتیان بۆ دروست دەکرێت و دان بە خوێندنەکەیاندا نانێن.
نزیکەی چوار هەفتەیە، بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، هاوشان لەگەڵ بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، بەهۆی دابەشنەکردنی دەرماڵە و هەندێک داواکاری دیکە.
بیلال محەمەد، نوێنەری خوێندکارانی خۆپیشاندەر لە زانکۆی گەرمیان بۆ 964+ی باسکرد، شەوی رابردوو، سەرۆکی ھەندێک لە بەشەکان نوێنەرەکانیان ئاگادارکردووەتەوە، ھەر خوێندکارێک ئەمڕۆ و سبەینێ نەگەڕێتەوە ھۆڵەکانی خوێندن، ئەوا رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دۆسیەکەیان دەنێردرێت بۆ ئەوەی “بە فەرمانی ناچاری” لە خوێندن دووربخرێنەوە.
ئەو نوێنەرە دەڵێت، تاوەکو ئێستا بڕیاریان نەداوە لە هەفتەی داهاتوو چیدەکەن، بەنیازن کۆبوونەوە بکەن و بڕیاری لەبارەوە بدەن.