ئایا ئێزدیەكان كەمپەكان چۆڵ دەكەن و دەگەڕێنەوە شنگال؟
+964
كوردستان ئەحمەد
لە دهۆك 21 كەمپ بۆ ئاوارە ئێزدیەكان دروستكراوە و 337 هەزار ئاوارەی تێدایە و تا ئێستا 900 خێزان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
كاتێك داعش روویكردە شنگال لە ساڵی 2014 ئەوەش بووە هۆی ئاوارەبوونی 337 هەزاركەس، سەرجەمیان روویان لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كرد.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری نەتەوە یەكگرتوەكان و چەند رێكخراوێك 21 كەمپیان لە سنوری زاخۆ و دهۆك بۆ دروستكردن، كەپێك هاتبوون لە خانووی خێمەیی.
337 هەزار ئێزدی ئاوارەبوون
ئاوارە ئێزدیەكان بەپێی نزیكی وتێكەڵییان بەسەر كەمپەكاندا دابەشكران و قوتابخانە و ماركێت و نەخۆشخانە و پێداویستی سەرەتاییان بۆ دروستكراوە.
ئاوارەكان بەسەر كەمپەكانی دەركا، بێرسبێ یەك و بێرسبێ دوو ، چەمشكۆ، قادیا و بادت كەنداڵا یەك وبادت كەنداڵا دوو، خانكێ و كەپەرتوو یەك و كەپەرتوو دوو ، شالیا و داودییە یەك و داودیە دوو، شێخان ومامەڕەشا ئێفیان وماملیان، چەرۆتكا و مردێسكا و بارچۆكێ، كەتۆركێ دابەشكران.
پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی دهۆك بە 964ی وت، دۆخی كەمپەكان لە ئاستێكی زۆر باشدا نییە، بەشێك لە كەمپەكان بەتەواوەتی خراپبوون، ئێستا دۆخی شنگال، تارادەیەك ئاسایی بووەتەوە، بۆیە پلانمان هەیە وردە وردە ئاوارەكان بنێرینەوە شوێنەكانی خۆیان.
دۆخی كەمپەكان خراپە و خزمەتگوزاری باش نییە
تا ئێستا 900 خێزان گەڕێنراونەتەوە شوێنەكانی خۆیان، هاوكاریی مادی و مەعنەوی دەكرێن، پارەی گواستنەوە و بەشێكی زۆر لە هاوكاریەكانیان بۆ دابیندەكرێت، ئەمە لەبەر ئەوەیە بە باشترین شێوە بتوانن بگەڕێنەوە سەر ژیانی خۆیان، پیردەیان وای وت.
تەنها ئەمڕۆ سێ شەممە 6.6.2023 شەست خێزانی ئێزدی گەڕاونەتەوە زێدێ خۆیان.
شەدعان عەرشۆ، ئەندامی ئەنجومەنی ئێزدیەكانە لەكەمپی كەپەرتوو یەك، دەربارەی دۆخی كەمپەكە قسەی بۆ964 كرد و وتی، ئێمە لە دۆخێكی خراپداین، لێرە گوزەرانمان بۆناكرێت، پێداویستی نییە و ناشتوانین بگەڕێینەوە بۆ شوێنەكانی خۆمان چونكە خزمەتگوزاری نییە و بەباشی هاوكاری ناكرێین.
بەپێی بەدواداچونەكان، تا ئێستا 190 ئاگر لە كەمپەكان كەوتوەتەوە كە زیانی بۆسەر ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان دروستكردووە، بەتایبەتی لە كەمپی كەپەرتوو كە 21 جار ئاگر لە خێمەكانیان كەوتوەتەوە.
190 ئاگر لە كەمپەكان كەوتووەتەوە
سێ شەممە 24ی ئابی 2021 د. كەریم نوری، بریكاری كارگێڕیی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران
رایگەیاند، پلانیكیان هەیە بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، بەڵام ئاوارەكان ئامادەنین بڕیارەكان جێبەجێ بكەن، چونكە هیچ خزمەتگوزاریەك لە زێدی خۆیان نییە.
لە حوزەیرانی 2014دا داعش ناوچەیەكی بەرفراوانی لە عێراق گرت و لە ئابی هەمان ساڵیشدا هێرشیكردە سەر شنگال و دەوروبەری، داعش ژمارەیەكی زۆر كوردی ئێزدی كۆمەڵكوژ كرد و شەش هەزار ژن و منداڵ و پیاوی ئێزدیشی رفاند، لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام جەخت لەسەر چەند خاڵێك كراوەتەوە، لەوانە هەوڵدان بۆ بەجینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی و دادگاییكردنی تۆمەتباران.