لە سیمینارێکدا رێنماییان لەسەر تای خوێنبەربوون پێدرا
تەندروستی راپەڕین: هەر قەسابێک سەرپێچی رێنماییەکان بکات سزا دەدرێت
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
بۆ رێگریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی پەتای تای خوێنبەربوون، تەندروستی راپەڕین سیمینارێکی بۆ قەسابەکانی حاجیاوا رێکخست.
تەها محەمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی راپەڕین بە 964ـی وت، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بە پێویستمان زانی چەند رێوشوێنێک بۆ خۆپارێزی لە سیمینارێکدا بۆ قەسابەکان بخەینەڕوو.
سیمینارەکە ئەمڕۆ دووشەممە 5.6.2023 لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین بۆ قەسابەکانی سنووری قەزای حاجیاوا ئەنجامدراوە.
تای خوێنبەربوون، پەتایەکی وەرزییە و تووشی گیانداران دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
ئەمساڵیش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر بەربڵاوبووە و خەڵکێکی زۆر تووشبووە و تا ئێستاش دوو کەس لە هەولێر بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە.
لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی راپەڕین دەشڵێت: سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و تەنیا دەبێت لە شوێنی رێگەپێدراو ئەنجامبدرێت، گۆشتفرۆشان پێویستە پابەندبن بە رێکارەکانی خۆپاراستن و هەر قەسابێکیش سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق