هاوسەری شنیار هونەر بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی سزادرا

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

دادگای تاوانەکانی سلێمانی – دوو، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر هاوسەری شنیار هونەردا سەپاند، بە تۆمەتی کوشتن و سووتاندنی هاوسەرەکەی.

18.2.2022شنیار هونەر ئاگر لە جەستەی بەربوو و دوای چوار رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

ئەوکات پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، هاوسەری شنیار دانی بە تاوانەکەی ناوە، کە نەوتی بە هاوسەرەکەیدا کردووە و سووتاندوویەتی.

ئاودێر عومەر، پارێزەری شنیار هونەر بە 964ـی راگەیاند، ئەمڕۆ دادگای تاوانەکانی سلێمانی – دوو سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر هاوسەری شنیار هونەردا سەپاند.

وتیشی “تاوانەکە زۆر نامرۆڤانە بوو، تەواوی کۆمەڵگەی هەژاند”.

لەگەڵ هاوسەری شنیاردا ژنێکی بە رەگەز عەرەبیش دەستگیرکرابوو بە تۆمەتی هاندانی هاوسەری شنیار بۆ کوشتنی هاوسەرەکەی، بەڵام پارێزەرەکەی شنیار دەڵێت، ئەو کەسە ئازادکراوە و تۆمەتی بەسەردا ساغ نەبووەتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن