شوێنی حەوانەوەشیان پێدەدرێت
قایمقامی زاخۆ: موچە دەدرێت بە سواڵکەرە شایستەکان
+964
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
قایمقامیەتی زاخۆ دەیەوێت سواڵکردن بنبڕ بکات، بۆ ئەو مەبەستە لە ئەمڕۆوە هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەرۆزە دەکەن، دەشڵێت هەر سواڵکەرێک شایەنی بێت موچەی بۆ دابین دەکەن.
موشیر محەمەد، قایمقامی زاخۆ بە 964ی وت، لە ئەمڕۆوە هێزە ئەمنییەکان هەر سواڵکەرێک ببینن دەستگیریدەکەن، دواتر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەن، ئەگەر دەرکەوت بارودۆخی دارایی خراپە ئەوا موچەی بۆ دابین دەکرێت.
“ئەگەر زانیمان بە راستی کەسێک بارودۆخی خراپە، هاوکاری دەکەین تا ئەو رادەیەی ئەگەر پێویستی بە شوێنی حەوانەوەش هەبێت ئەویشی بۆ دابین دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە کۆنترۆڵ بکەین”، قایمقامی زاخۆ وای وت.
بەڵام ئەوانەی کە رەوشی داراییان باشە و دەرۆزە دەکەن، سزا دەدرێن.
موشیر محەمەد، قایمقامی زاخۆ دەڵێت، سواڵکردن هێندە زۆر بووە “خەڵک هەیە لە دەرەوە دێت لێرە سواڵکەری دەکات… دایک و باوک هەن منداڵی خویان بۆ سواڵکەری بەکاردەهێنن”.