مانگاکانی سەرکەپکان زیان بە دوکانەکانی ناحیەکە ده‌گه‌یه‌نن

+964

ژێوار خدر – راپەڕین

لە ناحیەی سەرکەپکان ئاژەڵە ماڵییەکان، زەرەر و زیانێکی زۆر بە دوکان و بازاڕەکانی ناحیەکە دەگەیەنن، ئەوەش بووەتە هۆی بێزارکردنی خاوەن دوکانەکان.

دوێنێ شەو 31.5.2022 مانگایەک زیانی نزیکەی 150 هەزار دیناری بە دوکانێک گەیاندووە و بەشێکی زۆری میوەی ناو دوکانەکەی خواردووە و زەرەری پێگەیاندووە.

خەڵکی ناوچەکەش داوا لە خاوەن ئاژەڵەکان دەکەن، شەوانە ئاژەڵەکانیان دابەستن و نەهەڵێن بێنە سەر شەقامەکان.

مەولود حەمەد سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی سەرکەپکان بە 964ـی وت، لەگەڵ ئەوەی هیچ یاسایەکیان نییە بۆ قەدەغەکردنی ئاژەڵی ماڵی لە ناو ناحیەکە، بەڵام وتیشی “ئەگەر هەر سەرپێچییەک ببینین ئەوا خاوەنی ئاژەڵەکە رووبەڕووی یاسا دەکەینەوە”.

ئاماژه‌ى به‌وەش كرد، زۆرجار خاوەن دوکانەکان و خەڵکەکە خۆیان هۆکارن بۆ دووبارەبوونەوەی ئەو دیاردانە، چونکە ئامادە نین سکاڵا تۆمار بکەن.

دووپاتیكرده‌وه‌، تا پێیان بكرێت رێوشوێنی یاسایی ده‌گرنەبەر بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە.

ناحیەی سەرکەپکان دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی قەزای رانیە و لە 26.1.2005 لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کراوەتە ناحیە و ژمارەی دانیشتووانيشی 25000 کەسە و 53 گونديشی بە سەرەوەیە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن