زیانەکە سەروو چوار دەفتەر دۆلار دەبێت

لە گردعازەبان.. گەنم و مەڕەشەکەشیان سووتا

964+

فەرمان سادق

کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 1.6.2023، لە گوندی گردعازەبانی سنووری ناحیەی شەمامکی هەولێر، بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگر بەردەبێتە گەنمی چێندراوی جوتیارانی گوندەکە و زیانی سەرووی 40 هەزار دۆلاری لێداون.

مەجید یەکێکە لە جوتیارانی گوندەکە کە وەک خۆی دەڵێت، 24 دۆنم گەنمی چیندراوی سووتاوە، لەسەر سووتانەکە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی محاویلەی کارەبا بووە، چونکە کەسمان نەدیوە بچێتە ناو گەنمەکە.

زیاتر وتیشی “دەغڵەکەی من 24 دۆنم سووتاوە، ئەوەی تەنیشت منیش زیاتر لە 24 دۆنم و هی تریش هەبووە کەمێک سووتاوە، هاوکات مەڕەشەیەکی ئاودانی دەغڵیش سووتاوە”.

ئەو ئاگرە گەورەیەی بەرببووە گیانی گەنمی جوتیارانی گوندی گردعازەبان، بە قسەی مەجیدی جوتیار بێت تیمی ئاگر کوژێنەوە تەنیا یەک تانکەری ئاگر کوژێنەوەیان ناردووە، دەشڵێت: ئەگەر تراکتۆری خەڵکی گوند و گوندەکانی دیکە نەبووایە ئەوا ئاگرەکە نەک نەدەکوژایەوە بەڵکو گەنمی هەمووانی دەکردە خەڵووز، بەڵام خۆشبەختانە 32 تراکتۆری ئاو بە فریامان کەوتن و ئاگرەکەمان کوژاندەوە.

بە قسەی مەجید بێت، بەهای مەڕەشەکە سەرووی 20 هەزار دۆلارە، واتە دوو دەفتەرە، هاوکات زیانی گەنم سووتانەکەش سەرووی 30 ملیۆن دینار دەبێت.