کارەبای کەمپەکانی زاخۆ بەردەوامە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
ئەگەرچی بەغدا داوای لە هەرێم کردووە لە ئەمڕۆ 1ی 6ـەوە کارەبای نیشتیمانی کەمپی ئاوارەکان لە زاخۆ ببڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراوە.
حکومەتی عێراق بە مەبەستی فشارخستنەسەر ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنی خۆیان ئەو داوایەی کردووە.
لە چەند مانگی رابردوودا، زۆربەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارەکان وەستاند.
لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چوار کەمپی ئاوارەکان هەن کە بریتین لە دەرکار، چەمشکۆ، بێرسڤ1 و بێرسڤ2.
زۆربەی نیشتەجێبووەکانی ئەو کەمپانە بە ئەسڵ خەڵکی شنگالن، بەڵام هەندێکی دیکەی تیادایە کە خەڵکی نەینەوا یان رۆژئاوای کوردستانن.
سەرچاوەیەک لە کەمپەکەوە بە 964ی وت، “ئەگەر کارەبا ببڕن کاریگەری زۆر لەسەر ژیانی ئاوارەکان جێدەهێڵێت”.
لە لایەکی دیکە، ئەنوەر کرابیت بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای زاخۆ بۆ 964ی باسکرد، کە چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانن تاوەکو کارەباکە ببڕن، بەڵام هێشتا هیچ نووسراوێکی فەرمییان بەدەست نەگەیشتووە.