راپەڕین.. لە سێ نەخۆشخانە مانگانە نزیکەی 700 نەشتەرگەری تێدا دەکرێت

964+

فەرمان سادق

لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین مانگانە نزیکەی 700 نەشتەرگەری جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێت.

لە راپەڕین، حەوت نەخۆشخانە هەیە کە تەنیا لە سێیان هۆڵی نەشتەرگەری هەیە، ئەوانیش نەخۆشخانەی راپەڕین، نەخۆشخانەی قەڵادزێ و نەخۆشخانەی منداڵان و لەدایکبوون.

بەپێی ئامارەکانی دەست 964 کەوتووە، تەنیا لەماوەی دوو هەفتەدا 244 نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی راپەڕین ئەنجامدراوە، هەروەها لە ماوەی دوو مانگدا لە نەخۆشخانەی قەڵادزێ 346 نەشتەرگەری هەورە و مامناوەند و بچووک ئەنجامدراوە.

تەها محەمەد رەسوڵ، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین بە 964ـی وت، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین حەوت نەخۆشخانە هەیە، تەنیا لە سێ نەخۆشخانە نەشتەرگەری ئەنجامدەدرێت.

دەشڵێت: بەشێوەیەکی گشتی مانگانە لە هەر سێ نەخۆشخانە هەفتانە تاوەکو 170 نەشتەرگەری گەورە و بچووک و مامناوەند ئەنجامدەدرێت.

بەپێی قسەکانی لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین بێت، مانگانە نزیکەی 700 نەشتەرگەری ئەنجامدەدرێت.