ترافیکی شێخان دەکرێتە ئەندەرپاس
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی دهۆک دیزاینی ئەندەرپاسی شێخانی تەواوکردووە و چاوەڕێی پارەن تا دەست بە دروستکردنی بکەن.
ئەندەرپاسی شێخان دەکەوێتە سەر رێگای سەرەکی نێوان دهۆک – هەولێر، تێچووی پرۆژەکە 18 ملیار دینارە، بە تەواوبوونی ئەو ئەندەرپاسە تەنیا ترافیکی ئێتیت و بناڤی دەمێننەوە، کە ئەوانیش دەکەونە سنووری شارەوانی دهۆک.
خەدیجە محەمەد، بەڕێوەبەری رێگاوبانی دهۆک بە 964ی وت، “زیاتر لە شەش مانگە دەستمان بە ئامادەکاری کردووە بۆ پرۆژەی ئەندەرپاسی شێخان، دیزاینەکەی تەواوبووە و پێشکەشی حکومەتمان کردووە، تەنیا ئەوە ماوە پارەی بۆ دابین بکرێت و دواتر دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەکەین”.
حکومەتی عێراق چەند قەرزێکی کردووە لە بانکەکانی دەرەوە، هەرێمی کوردستانیش بەشی خۆی هەیە لەم قەرزانە، پارەی ئەم پرۆژەیە لەو قەرزە دابیندەکرێت، خەدیجە محەمەد وای وت.
بە وتەی بەڕێوەبەری رێگاوبانی دهۆک، ئەندەرپاسەکە “زۆر گەورەیە” چونکە لەسەر رێگایەکی نێودەوڵەتییە، هاوکات ئەو بارهەڵگرانەی لە تورکیاوە دێن هەر لەسەر ئەو ئەندەرپاسە هاتوچۆ دەکەن، بۆیە پێویستی بە پارەیەکی زۆرترە بەراورد لەگەڵ ئەو ئەندەرپاسانەی لەناو بازاڕ دروستکراون.